پەیامێک بۆ ئازیزیانم

ئازیزانم سڵاوتان لێ بێ.
ساڵانێكی دوور و درێژە هەندێك لایەن، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، لە ڕێگەی چەند سایتێكەوە، شڕەنووسینم بۆ دەنووسن و”شیعر”م بۆ دەهۆننەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی هەواڵێ كۆچی دواییشم ڕابگەینن!
ئەوەی لەدایك بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە كەس ناكا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، ئێستا تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە.
من دەمێكە ئاگاداری ئەو بەدنیازانەم، کە دەیانەوێ بەو شتە لاوەكیانە سەرقاڵم بكەن، یان كار بكەنە سەر مۆراڵم و لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەكی بەشخوراو و نیشتمانێكی دەستبەسەر دامببڕن. ئەوان بەو هەواڵانە دەیانەوێ “شنگال” و “تۆفان” و ” پێترۆدۆلار” و “میری دزان” و ” قوون و كورسی” و “كەركووك”و ئەوانی دی لە یادی خۆشەویستانم بسڕنەوە.
منەتباری ئەو خۆشەویستانەم لە هەواڵیان پرسیوم، زۆر سوپاسیان دەكەم، هیوادارم هەتاسەر ڕوو لەوان و پشت لە دەسەڵات بم . ئەوانەی بەو هەواڵە لاوەكیانە گەلێکی پاروودزراوی بندەستی چەتە و مافیای بەرەبابان سەرقاڵ دەكەن و خاكفرۆشی و فەرهوودكاری و خێڵسالاریش پەردەپۆش دەكەن لە ڕووڕەشی بەولاوە هیچی تریان پێ نابڕێ.
تا ئێستا، هیچ ئەكاونتێكم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، بەڵام، هەر بۆ داخستنی چەند سایتێكی کەتنگێڕ، لەم ڕۆژانەدا ماڵۆچکەیەکی خۆم لە فەیسبووک دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی کەس نەتوانێت بە زڕبەرهەم و فشەهەواڵی لاوەکی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بە لاڕێدا ببا.
پەشێوی خۆتان
٤١٠٢/٨/٤٢
هێلسنكی