ئەگەر دیسان …

ئەگەر دیسان
خوا لاویمان بداتەوە
وەک خەڵاتێکی ئاسمانی ،
ئەگەر سروشت
پڕاوپڕمان بکاتەوە
لە کڵپەو گڕ ، شێتی و جوانی :
ئەمجارەیان ،
لە پێناوتا
کام بەر حەرامە – ئەو دەخۆم ،
کامە یاسا ئاسمانیە – ئەو دەشکێنم .
ئەمجارەیان
لم و لیتەی بنی دەریاش حەشارت دا
وەک مرواری دەرتدێنم .
خۆم رادەستی قەدەر ناکەم ،
دنیاش دەستم لێ بەربدا
هەرگیز دەستت لێ بەرنادەم ،
ئەمجارەیان ،
نیوەشەوێک ،
کە تاریکی تیخ نەیبڕێ و
سروشت هەمووی بە پێوەبێ ،
بەفر تا چۆکان کەوتبێ ،
باو بۆران و کڕێوە بێ ،
بە هەسپێکی بروسکەیی هەڵت دەگرم .
کەژ بەکەژ و
یاڵ بە یاڵ و
نەوال نەوال دەتفڕێنم .
لەوێندەرێ
قەت ناهێڵم
شوێنێک هەبێ لە لانەکەی ئێمە کڕتر .

……………………..………………….

عەبدوڵڵا پەشێو
٢٠٠٤ – هێلسنکی