ئەوەی لەملا (قودس)تان بوو،
لەولاش (دڵ)تان*
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن،
بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و كەفوكوڵتان!
***
چما كەركووك چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە،
یا سوورگومە
وەكوو مێشكی قانگ و بڵتان!
كەركووك ڕەگە و دانابڕێ،
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون،
لك بە لك و چڵ بە چڵتان.
***
گڕكانی ڕك هاتۆتە جۆش،
ڕك لە خۆتان،
لە كاژەڵەی كەللەی كلۆر،
لە فایلتان
لە پردی سیراتی دێگەڵە*،
لە بارەگا و
بنكە و منكەی سەرمەڕمەڕی بنكاولتان
ڕك لە شوورەی باخ و مەزرا،
لە دیواری
حەرەمسەرای بێژماری
قل بە قلتان
لە پۆزلێدان،
لە زمانی لووشكەوەشێن،
لە گفتاری بێ هەوساری كاڵ و كولتان
***
كەی بەرۆكمان بەردەدەن، كەی:
حیلكەحیلك و
موسەلسەلی كۆبوونەوە و
گەردوخولتان؟
كەی دوایی دێ زرمەزلێی “تۆم و جێری”** ،
پایدۆست دەكا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
كەی شاشەكان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی
دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووكەڵ و تەپكە و سلتان.
شیعر ناڵێـم، زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە،
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم، تۆق بۆ ملتان.
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم، بقریشكێنێ:
“گوو بە خۆتان، گوو بە ماددەی سەدوچلتان”
كانوونی دووەمی ٢٠١٣ – هێلسنكی
—————————————————-
* قودس و دڵ: دوو زاراوەی پڕوپووچی ئینشایین، بەرەبابەکان بۆ کەرکووکی بەکار دەهێنن بۆ فریودانی گەلی کوردستان لە لایەک، لە لایەکی دی، بۆ خۆدزینەوە لە بەکارهێنانی زاراوەی گردەبڕ و بێپەناوپێچی سیاسی. دانانی کەرکووک بە “قودس” کفری موتڵەقە و مانای دەستهەڵگرتنێکی ئاشکرایە لێی.
** ئەم دێڕە دەبێ زۆر بە سووكی بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی بە لەنگی نەگاتە بەر گوێ.
** تۆم و جێری: زنجیرە كارتۆنێكی بەناوبانگی زارۆیانە. تۆم پشیلەیە و جێری مشكە. بەزمی نیو سەدە زێتری “تۆم و جێری”ی کوردستان خوێناوییە و شانۆکەی وڵاتێکی بندەست و لەتلەت و داگیرکراوە، نەک سینەما.