شنگال

شنگال
شنگالا من!
گەر تۆ بشکێی،
تەماشای کام ئاوێنە کەم
تا سیمای بن خۆڵەمێشی خۆم ببینم؟
بۆ وەڵامی کاولەمێژووی پڕ برینم،
چۆن خاک ڕاخەم بۆ قیت وەستان،
ئاسمان هەڵدەم بۆ فڕینم؟!
گەر تۆ نەبیت،
چۆن بزانم کامە ڕێگە دەمباتەوە
لای ئاتەشگەی باپیرانم؟
چۆن گوێ هەڵخەم
بۆ هەوهەوی سوارەی مادان،
بۆ زەمزەمەی دەوری ئاگر،
بۆ لایلایەی پەریزادان؟
گەر تۆ نەبیت،
شارێکی دی لە کوێ بێنم، ئاوا وەک تۆ،
بە زمانی هەر دەورانێک بیدوێنم، بۆم بێتە گۆ؟
***
من دیواودیو دەیانبینم،
تا سەر ئێسقان دەیانناسم،
من دەمزانی
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن:
بەپێ و بێپێ،
تەڕ و وشک،
بەرز و نەوی،
سارد و گەرم
هەور و هەوا،
شیلەی زەوی،
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن
کڕیار هەبێ و دەستیان بڕوا،
گردی یارە و پردی دەلال
ڕادەگوێزن بۆ هەندەران،
قەلای هەولێر ڕادەپێچن
بۆ تێرمیناڵ و بەندەران،
گورچیلۆکەی زارۆیان و
مناڵدانی زەرییەکانمان
بۆ مەزاتخانان بار دەکەن،
دەشت بێ ئاسک و
کێو بێ کێوی و
ئاسمان بێ تەیر و توار دەکەن.
من دیواودیو دەیانبینم،
تا سەر ئێسقان دەیانناسم،
تەماشا کەن،
سوڵتان و شا
کەوتنە چاڵی چاڵدێران و تووناوتوون چوون
میر و بەگی ڕووچکزەردی کەواسووریان
سەتان ساڵە
بەرمای سفرەی مشک و مارن
کەچی ئەمان هەتا ئێستاش
لە سووچێکی کەوشکەنی شاسمایل ئەستۆخوارن
هەتا ئەمڕۆش،
لە دیوانی خانی مەگۆل
هەر سفرەچی و پەردەدارن.
تا هەنووکەش
ڕۆژێک لەبن (قەرە قۆینلوو) ڕادەکشێن،
ڕۆژێک لەبن (ئاق قۆینلوو)
گوێمان دەسمێ فینگەفینگ و خنەخنیان.
مێشکۆڵەشیان هێند بچووکە،
داخزیوە و
کەوتۆتە ناو هێلکەی گونیان!
من دیواودەر دەیانبینم،
تا سەر ئێسقان دەیانناسم،
من دەمزانی
ئەوان قەل و تاوس مەلەک،
پاڵاوگەیەکی پێتڕۆل و مەرقەدەکەی شێخ شەرفەددین،
لە یەک جودا ناکەنەوە.
من دەمزانی
ئەوان سەربردەی عەنتەر و داستانا دەروێشێ عەبدی،
ئێزیدخان و قومارخانە
لە یەک جودا ناکەنەوە.
خۆ ئەمانەم گشت دەزانی،
بەڵام شنگال؟!
ئاخر شارێک هەر خشتێکی کاسەسەر بێ،
کاسەسەری مێرێکی ڕەند،
ئاخر شارێک،
لەبەردەمی دەروازەیدا
ڕەوە ڕەوە سوڵتان و میر بووبن بە پەند،
ئاخر شارێک
مسحەفا ڕەش تاجی (جیلوە)ی لە سەر نابێ،
​​بۆ ئاگری سەرگەردانی ئاتەشگەکان دواپەنا بێ.
ئاخر شارێک گلگامش خۆی
لانکۆڵەکەی ڕاژەنی بێ،
پڕ گمەگمی کەڤۆک و
زاکوزیکی زەڕنەقووتە،
پڕ داوێنی گزنگزادە و
بسک و کەزیی شازەری بێ،
کێ زات دەکا بیفرۆشێ؟
نرخی چەندە و دەبێ چی بێ؟!
***
چیایێ شنگال،
کە تۆ مێژووت، هەموو مێژووت،
جێپێی ڕەشی سەفەربەر بێ،
سەفەربەر و هەر سەفەربەر،
وەکوو یەکە،
سەرپەڕێنان شیروەشێن بن یا سنایپەر،
بۆ ئەنفال بێن یا بۆ فەرمان،
بە وشتر بێن
یا بە تانک و تۆپ و هەمەر…
چیایێ شنگال،
کە تۆ مێژووت، هەموو مێژووت،
هەر فەرمانی پاش فەرمان بێ
کە تۆ دەردت وا توولانی و بێ دەرمان بێ،
خۆ دەبوایە
گۆمەئاوێک لە توێیەکتا حەشار بدەی،
تاکو لێوی زارۆیانی ئادەم تەڕ کەی
خۆ دەبوایە،
هەر بۆ سێبەر،
دارستانێک، دەوەنجاڕێك، بڕسکێنی.
برووسکەیەک گلدەیتەوە،
لە شیوەڵە و نەوالێکتا بیخەوێنی،
تا لە کات و ساتی خۆیدا
لە ناوقەدی شەوەزەنگی بوەشێنی.
تۆ دەبوایە
گڕکانەکەی چیای ئاگری و
ڕەشەباکەی سلێمانی و
گڕەپێچەی بابەگوڕگوڕ تێک هەڵشێلیت،
پێکەوەیان بجۆشێنی
تا لە نێوان ڕەوەکلۆ و پەڵە گەنمی شپرزەدا
شوورەی ئاگر بئافرێنی.
***
ئاخ، نە دەستم قەڵەم دەگرێ،
نە زمانیشم گۆ دەکا،
ئاخر کاتێ من کۆچ دەکەم،
دەپەڕمەوە و دەچمە ئەوبەر،
نازانم چ بە قەناتی کوردۆ بڵێم؟
چۆن بتوانم
چاو ببڕمە چاوی تیژی ئەو شەهێنە؟
چۆن وەک جاران
ئۆردیخان لە هەمبێز بگرم،
ئەو زارۆیە،
ئەو چەمە ڕوونە خوڕێنە؟
لەسەر سفرەی حاجی جوندی و ئاپێ جاسم چۆن دانیشم،
ڕووی زەردی خۆم لە کام لا کەم؟
شەمۆ و شەکرۆ چۆن بدوێنم؟
دڵ و چاڤێن وان خۆشمێران چەوا شا کەم؟
چۆن ئەو هەموو بنکراس و پێسیرانەی دادڕاون
لەبەر چاوی وان وندا کەم؟
چۆن هەزاران پەڕەسێلکەی ناو ڕکە و تۆڕ
بێ زایەڵە، بێ سەدا کەم؟
چۆن ئەو هەموو خۆلی و خوێنە بشارمەوە؟
ئاخر چییان بۆ بڕێسم؟ چ پینە کەم؟ چ بە با کەم؟
جا خۆ ئەوان…
ئەوان خۆیان…
چاوتیژتر و دووربینترن لە هەڵۆیان،
بینییان چۆن
ژەنەڕاڵی ناو پاکەتی تازەی سەرمۆر
لوولەی چەکیان ڕووبەرەوژێر،
وەکوو چاویان، وەک ئەستۆیان،
وەرچەرخان و
پشتیان کردە دەرپێی بەجێماوی خۆیان
بینییان کوو،
لەبەر چاوی زەقی گووگل،
لەبن کلکی زەڕەبینی
کرێمل و کۆشکی سپی و بورجی ئایفل،
لەبەر دەمی فاتیکان و خاچی دێران
لەبن لووتی مناران و
میدیای پۆشتەی دنیای وێران،
گاڕانێک دۆڵپای ناقۆڵا،
گەواڵەیەک کینەی جەنگیز
ڕەوە ڕۆبەتێک لە پۆڵا،
ڕێژنەیەک ڕیش،
لافاوێک گەڵ،
دینیان سمت و خوایان کەفەڵ،
تەنبەتەن بوون، ڕووبەڕوو بوون،
لەگەڵ باخێک
پڕ کولیلکی لیمۆ و هەنار،
پڕ فەریکی دەنکەزەیتوون.
***
وای ئەو ڕۆژە چ ڕۆژێکی تفت و تاڵ بوو،
زەوی کەڕ و ئاسمان مجرۆ،
مینبەر لاڵ و نوێژ بەتاڵ بوو،
چەندی کردم،
چەندی دەستم لە باخەڵی زمان گێڕا
وشەیەکی تێدا نەبوو،
گرمەی هەرەس،
وزەی گڕکان،
ڕابوونی تۆفانی تیا بێ،
یەک دڵۆپە ڕۆنتکی وام نەدیتەوە،
قەبارەکەی هەژیی ڕۆژەڕەشی وا بێ.
***
تۆ پەلەت بوو،
منیش پێش وەی
چیلکە و ئێزنگ کۆ کەمەوە
تاکو ئاگر لە خۆم بەردەم،
دەبوایە بەم نینۆکانەم
کەڕووی چاڵی مێژوو دەردەم.
تۆ پەلەت بوو،
زامی منی لە چوارلاوە ئەنگێوراویش
هێشتا گەرم و سەرواڵا بوو،
نەمدەتوانی
چەمێکی خوڕ هەڵببەستم،
ئەو گڕەی پێ بتەمرێنم،
کە لە بەژنی تۆ ئاڵا بوو.
تۆ پەلەت بوو،
منیش دەبوا جووتێک پێڵاو بەڕادان دەم،
قایمتر بێ لە چەرمی ڕووی سەرکردەکان
ناردم بەشوێن گۆپاڵەکەی پیرەمێردا،
تا بە بەژنی زنجیرەچیای
دووهەزار و پێنجسەت ساڵدا هەڵزنێم و
بە هەڵدێر و دۆڵ و شیویا شۆڕ ببمەوە
بە دڕکەڵانی فەرمان و سەفەربەر و ئەنفالاندا
​​هەزارجار بێم و بچمەوە.
تۆ پەلەت بوو،
منی شپرزەش، پێش ئەوەی
بۆ ئەم ڕێی هات و نەهاتە
بۆ ئەم قافە سەختەی شیعر،
خۆم ببەستم و ڕێ بکەم
هەر دەبوایە
چەند مۆمێکی نوورپژێنی
حەزرەتی خانی پێ بکەم،
هەورەتریشقەی حاجی قادر
بگوازمەوە بن زمان و
ئاسمانێکی بۆ چێ بکەم.
دەبوایە کوورەی ئاگری
سۆزی بابەتایەر داخەم،
بۆ نوێژێکی گیانداگیرسێن
بەرماڵی مەولەوی ڕاخەم.
گەرەکم بوو
نیوەشەوان
چاو لێک نێم و
هەست ڕاگرم بۆ گمەگمی قەواڵان
بۆ کەروێشکەی
ئاخ و ئۆفی ژێی تەنبووری باڤ و کالان
جاروباریش، شنگالا من،
کە ڕێی دووری بینینی تۆم دەگرتە بەر،
منی ڕەبەن، چارەم نەبوو،
هەر دەبوایە بۆ دیداری لالش لادەم
تا هزری خۆم
لە کانییا سپی مۆر کەم،
لەمپەری پێش زمان ڕادەم.
خۆم لە کێشی ئەم گۆی زەوییە ڕاپسکێنم،
لەسەر کەڤر و زناری ڕێ
جێی ئاورینگی پێی شێخادی بشۆپێنم،
چاوەڕێ بم
پێلی نوور و
بۆی بخوور و
شنەشنی
شەوقی چرای
پەرستگەی لالشم بۆ بێ،
تا نادیارم لێ دیار بن و
هێسکوپرووسکی ئازیزانیش بۆ بە گۆ بێ.
تا سروودێک تێ چریکێنم، شنگالا من،
کە شایانی کۆستی تۆ بێ.
فەرهەنگۆك
(ئەمەی خوارەوە لێكدانەوەیەكی خێرا و سەرپێییە بۆ هەندێك پەیڤ و ناوی كەسەكی و جوگرافی، كە لە دەقەكەدا هاتوون. ئەم نیمچە فەرهەنگۆكە هەر بۆ ئەوەیە ڕووناكییەك بخاتە سەر دەقەكە، نەك شوێنی فەرهەنگ و ئنسكلۆپیدیا بگرێتەوە.)
ئاتەشگە: ئاتەشگەدە، ئاوورخانە، ئاورگە، ئاگرخانەی زەردەشتییان و زۆربەی گەلانی ناوچەکە.
ئاسك: مامز، خەزاڵ، ئاهوو
ئافراندن: داهێنانی شتێك، دروستكردن، سازكردن، خولقاندن.
ئاق قۆینلوو (مەڕە سپی) و قەرە قۆینلوو(مەڕەڕەش): دوو هۆزی شوانکارەی توركمانی ئۆگوز بوون كە لە نێوان١٣٧٥- ١٥٠١ دا بە ناوی موسوڵمانەتی كوردستان و ئەرمەنستان و ئازەربایجان و بەشی زۆری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستیان خستە بن ڕكێفی خۆیان. ڕچەڵەكیان دەچێتەوە سەر ئەو خێڵە توركمانانەی لە سەدەی هەفتەمدا لە چیاكانی ئەڵتایەوە هاتن و بە ئاسیای ناوەڕاستدا بڵاو بوونەوە. ئەو خێڵە شوانكارە كۆچەرانە هەر بە كاولكاری و ڕاووڕووت و خوێنڕشتن گەیشتوونەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە كەڵەگایی خۆیان بەسەر گەلانی ڕەسەنی ناوچەكەدا سەپاندووە. تا ڕۆژی ئەمڕۆش، کەمینەیەکی ڕووناکبیر و مرۆڤدۆستی وەک ئیسماعیل بێشکچیی لێ دەرچێ، نەوەی ئەو هۆزانە ناتوانن کورد بە هاوشانی خۆیان ببینن و هەمیشە بە چاوێکی نزم، وەک کۆیلەی خۆیان، سەیری دەکەن. تەنانەت ئەو گەلانەی بە ڕەچەڵەک تورکمانیش نەبووبن و بە تۆبزی کرابن بە تورکمان دومنایەتیی کورد و کوردستان و زمانی کوردی دەکەن، بۆ نموونە، ئازەرییەکان گەلێکی ئاریایی بوون، بەڵام، بە بیانووی هاودینی، کوردانی ئازەربایجانیان لە شوورەویی جاران تواندەوە و زمانی کوردیشیان لەناو برد. کوردی ئێزدی ژمارەیان هەرچەند بووبێ و لە هەر کوێیەکی شوورەوی بووبن نەتوانەوە، هیچ نەبێ لەبەر ئەوەی زمانیان زمانی ئۆلە و لایان پیرۆزە.
ئاورینگ: ئاورنگ، وردەپڕیشكی ئاگر، بۆ نموونە ئەو پڕیشكە ئاگرەی لە دەزگەی ئاسنگەرەوە دەردەپەڕێ.
ئۆردیخانی جەلیلی و حاجی جوندی و شەكرۆی خدۆ (مگۆیی): هەموویان زانای گەورە و ناسراوی ئێزدیی شوورەوی بوون و گەڵیك خوێندكاری هەموو بەشەكانی كوردستانیان پێگەیاند. هەموویان كۆچیان كردووە و گەلێك كاری ئەدەبی و فۆلكلۆری و زانستییان لەپاش خۆیان بۆ گەلی كوردستان جێهێشتووە.
ئەستۆخوارن: سەرشۆڕن، ملكەچن، چاوبەرەژێرن.
ئەنگێوراو: پێكراو، زەبروێکەوتوو.
ئێزنگ: ئەو بڕە دارەی كۆ دەكرێتەوە و بۆ سووتاندن ئامادە دەكرێ. دەستەدار، یان گزرەدارێک بۆ سووتاندن
بابەتایەر: بابە تاهیری هەمەدانی (عوریان) سۆفی و خواناسێكی گەورەی یارسانییە. بابەتایەر بە چوارینەکانی ناوبانگی دەرکردووە. شاعیری سەدەی دەیەمە.
باڤ و كالان: باب و باپیران
بنكراس: ژێركراس، فانیلە، لە هەندێك شوێنانیش بە دەرپێی ژنان دەگوترێ.
بەڕادان دەم: سفارش کەم، حیجز بکەم، بەڕاداندان دەستنیشانكردنی شتێكە بۆ دروستكردن(لای بەرگدروو كورتەك و شەرواڵێكم بەڕادان داوە).
بەرما: بەرماوە، پاشخوان
بەندەر: مینای سەر دەریا، شوێنی وەستانی کەشتی.
بێتە گۆ: قسە بكا، بدوێ، بئاخڤێ، خەبەر بدا.
پردی دەلال: پردێكی بەناوبانگ و كەونارای زاخۆیە.
پەند: عیبرەت
پەردەدار: ئەو نۆكەرەی كاری هەڵدانەوە و دادانەوەی پەردەی ماڵە خانەدانانی لە ئەستۆیە.
پێسیر: یەخە، یاخە، بەرۆك، سنگ و بەرۆك.
تاوس مەلەك: تاوسی مەلەك، گەورەی فریشتەكان لای باوەڕمەندانی ئێزدی.
توولانی: دوورودرێژ، درێژخایەن.
توێ: لۆچ، چینێکی تەنكی شتێك، بەتایبەتی گۆشت.
تەمراندن: كوژاندنەوە، ڤەمراندن، خامۆشكردن/ بتەمرێنم: بكوژێنمەوە، ڤەمرێنم
تەیر و توار: تەیر و توور، باڵدار، مەل.
تێرمیناڵ: شوێنی هاتن و چوونی كەشتی و شەمەندەفەر و باس و فڕۆكە و هۆیەكانی تری هاتوچۆ و گەیاندن.
جاسمێ جەلیلی: سەرماڵباتی دیاری جەلیلییەكان، ئۆردیخان و جەلیل و جەمیلەی جەلیلی. ئەو بنەماڵە ئێزدییە خۆی لە خۆیدا نیمچە ئەكادێمیایەك بوو. سامانێكی گەورەیان بۆ نیشتمان و گەلەكەی خۆیان جێ هێشتووە.
جۆشاندن: پێكەوەلكاندن
جیلوە: كتێبێكی پیرۆزی كوردانی ئێزدییە، زانیاری لە بارەی تێكست و دانەر و دەستپێكی ئەم كتێبە كەمە.
جەنگیز: جەنگیز خان، یەكێك لە خوێنڕێژترین سەرخێڵانی ئیمپراتۆریی مەنگۆلی (سەدەی ١٢)، كە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپای داگیر و وێران كرد.
چاڵدیران: ناوچەیەكی كوردستانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی بوو، كە بووە مەیدانی شەڕی نێوان هەردوولای داگیركەر، زۆربەی شەڕكەرانی هەردوولا خێڵ و هۆزەكانی كورد بوون! لە ئەنجامی ئەم جەنگەدا ساڵی ١٥١٤ سەفەوییەكان شكان و دواتر لەگەڵ عوسمانییەكان ڕێك كەوتن و خەڵك و خاكی كوردستانیان لە نێوان خۆیاندا بەش كرد و سەرخێڵەكانی كوردیش لە وێرانكردنی نیشتمانی خۆیان و پاشەڵدڕان بەولاوە هیچیان پێ نەبڕا. ئەو شەڕە لە ماڵی كوردان كرا. تا ئێستاش داگیركەران هەمان سیاسەت بەكار دەهێنن. شەری خۆیان لەسەر خاكی كوردستان و بە دەستی سەرخێڵە كوردەكان دەكەن. دەشێ حیزبی ئەمڕۆ فۆرمێکی نوێی بەرهەمهێنانەوەی خێڵ و هۆز بێ، سکرتێر و سەرۆک و مەرۆکیش رۆلی سەرخێڵ (برا گەورە) ببینن.
خنەخن: نقەنق، نركەنركی بن باری قورس.
خوڕێن: ڕەوان، تیژ، بەخوڕ.
خۆڵەمێش: خۆلی، مشكی، خۆڵەكەوە.
دڕكەڵان: دڕووەڵان، زەوییەكی پڕ دڕكوداڵ (مێشەڵان، بەردەڵان،خیزەڵان…)
دۆڵپا: دێوێكە لە هەقایەت و ئەفساناندا سواری شان و ملی مرۆ دەبێ. جۆرێکە لە دێوەزمە (مێردەزمە).
دەبوا: دەبوو، دەبا، دەبوایە، گەرەك بوو.
دەروێشێ عەبدی: قارەمانی داستانێكی بەناوبانگی ئێزدییانە، كە باسی هەڵگرتنی عەدوولی كچی تەمەر پاشا و زاڵبوونی دەروێشێ عەبدی دەکا بەسەر دەسەڵاتی زەبروەشێنی ماڵباتی عەدوولی خۆشەویستیدا. دەروێشێ عەبدی نیشانەی جوامێری و گەڕناسی و ئەڤینی بێخەوشە.
دەوران: ڕۆژگار، زەمان، چاخ.
دەوەنجاڕ: دەوەنستان، شوێنێك دەوەنی زۆری لێ بڕوێ.
دیواودیو: دیواندیو، دیواودەر، بە زەلالی، بەڕوونی دیاربوونی هەردوو دیوی شتێك.
ڕستن: لەم دەقەدا بە مانای چەنەلێدان و زۆرگۆیی بەكار هاتووە. (كابرا ئەمڕۆ هەر دەڕێسێ و چەنەی شل نابێ!)/ چ بڕێسم؟: ئیتر چەڵتەچەڵت و چەنەچەنی چی بكەم؟.
ڕاپسکاندن: بە زۆر قوتارکردن، دەربازکردنی توند و بەلەز. خۆم ڕاپسکێنم: خۆم قوتار کەم، خۆم دەرباز و ڕزگار بکەم (بە توندی و بەگوڕ و لەپڕ)
ڕسكاندن: باش پەروەردەكردن، گەورەكردن، بەهێزكردن( زێتر بۆ ڕووەك بەكار دێ)
ڕكە: قەفەس، قەفەز، بێركم
ڕۆنتك: ڕۆندك، فرمێسك، ئەسرین، ئەشك، هێسر، هێستر
ڕووچكزەرد: ڕووزەرد، شەرمەزار.
ڕەوە كلۆ: پۆلەكوللە.
زارۆ: منداڵ
زایەڵە: زایڵە، دەنگی شیوەن و گریان، سەدای دەنگ.
زنار: گابەرد و تاشەبەردی مەزن. تیشەشاخ.
زەڕنەقووتە: ساقەسۆرە، فەرخەباڵداری هێشتا تووكلێنەهاتوو.
زەری: پەری، شۆخوشەنگ، سپەهی و خۆشک، کچ و ژنی زۆر جوان. لە هەندێک بندیالێکی کرمانجیدا بە کچ و ژنی سپیپێست و قژزەرد دەگوترێ. شازەری: شاپەری، هەرە جوان و سپەهی.
زەمزەمە: مۆرەمۆر، ورینگەورینگ، نارەنار، سۆزەی گۆرانی، گۆرانییەك بە ئاهەنگێكی دڵگر بە هێواشی و لەسەرخۆ بگوترێ (زەمزەمەی بولبول). لەم دەقەدا بۆ نزا و پاڕانەوەی ئۆلی بەكار هاتووە.
ژێ: تەلی ئامێری موزیک، وەتەر.
سفرەچی: ئەو نۆكەرەی سفرە و خوانی ماڵە گەوران دەڕازێنێتەوە.
سنایپەر: نیشانەشكێن، تفەنگچیی دەستڕاست، نیشانەچی، قەنناس.
سیما: دەموچاو، ڕوخسار، بچم، تەرح، شكل.
شاسمایل: شائیسماعیلی سەفەویی شیعە مەزەب، كە ساڵی ١٥١٤ شەڕی چاڵدیرانی دۆڕاندە سوڵتان سەلیمی عوسمانیی سوننە مەزەب.
شازەری: شاپەری، زۆر جوان و سپەهی و خۆشك.
شا كەم: شاد بكەم، دڵخۆش بکەم.
شۆپاندن: شوێنهەڵگرتن/ بشۆپێنم: شوێنپێی هەڵگرم و وەک شوێنهەڵگر بیدۆزمەوە.
شەمۆ: عەرەبێ شەمۆ، نووسەری ناوداری كوردی ئێزدی، كە خاوەنی گەلێك خەڵاتی گەورەی شوورەوی بوو. عەرەبی شەمۆ خاوەنی ڕۆمانی بەناوبانگی”قەڵای دمدم” ە.
شێخادی: سۆفی و خواناسێكی مەزنی سەردەمی خۆیەتی و لە ڕێزی ئیبن عەرەبی و حەللاجە. شێخادی شوێنێكی تایبەتی لای باوەڕمەندانی ئێزدی هەیە. باوەڕ وایە، كە شێخادی لە هەكارییەوە هاتۆتە لالش و تا كۆتایی ژیانی جێی نەهێشتووە. مەرقەدەكەی لە لالشە. سۆفی و عارف و خواناسانی گەورە ڕێزێکی تایبەتیان بۆ لالش بووە. مەلای جزیری خۆڕا نییە فەرموویە:
دل گەشتەمە ژ دێرێ،ناچم كەنیشتەیێ قەت
میحرابی وی ب من ڕا، وەر دا ئەم بچینە لالش
شێخ شەرفەددین: شێخ شەرەفەددین، پیاوچاك و خواناسێكی گەورەی ئێزدییانە، مەرقەدەكەی لە شنگالە.
شیلە: شیرەك، شیلاوە، ئاوی دار وگیاوگۆڵ.
شیوەڵە: شیو و دڕە و دۆڵی بچووك.
عەنتەر: عەنتەرە، قارەمانی داستانێكی ئەڤینداریی عارەبانە.
فینگەفینگ: گریانی كزۆڵانەی بە لوشمەلوشم.
قاف: کێوی قاف، کە لە داستان و ئەفسانەی کوردیدا نیشانەی دژوری و سەختی و ترسناکییە/ بۆ ئەم قافە سەختەی شیعر: بۆ هۆندنەوەی ئەم جۆرە شیعرە، کە هێندەی هەڵگەڕان بە کێوی قافدا سەختە.
قەناتی كوردۆ: پرۆفیسۆر كوردۆیف، زانا و كوردناسێکی مەزنی ئێزدییە، كە لە دژوارترین ڕۆژانی حوكمی سۆڤیەتیدا پشتەوانی لە گەلی كوردستان و نیشتمانی باوك و باپیرانی دەكرد و یەكێك بوو لە سیمبۆڵە هەرە پاك و جوانەكانی كورد.
قەوال: ئەوەی كاری قەولگۆتنە، پەندبێژ و دووعاگۆی ئێزدییان.
قەول: سروود و شیعر و پەند و ئامۆژگاریی ئۆلیی كوردانی ئێزدی كە هەندێكیان، یان هەموویان، دەشێ قەولی شێخ فەخری ئادیا بن. قەولی كوردانی ئێزدی بایەخێكی زۆر گەورەی هەیە و ڕەنگە لەگەڵ ئەدەبیاتی یارسانیدا بچنە ناو گەنجینەی دێرینترین فەرهەنگی كوردستانەوە.
كانیا سپی: ئەو كانییەی ئاوی پیرۆزی لالشی لێ هەڵدەقوڵێ. ئەوەی لەو ئاوە هەڵبكێشرێ ” مۆر دەكرێ”، واتا پاك دەبێتەوە. مۆركردن لای مەسیحییەكان پێی دەگوترێ تەعمید. ڕەنگە هەر ئەم “مۆرکردن” ەش بێ، دواتر بە مانای واژۆکردن و خەتم بەکار هاتبێ.
كاولە مێژوو: دیرۆكی وێران
كۆست: فەلاكەت، نەهامەتی
كولیلك: گوڵی گیا و دار و درەخت.
كەروێشكە: شنەشن و لەرینەوە و پێلدانی شینایی، كە بای لێ دەدا.
كەڤر: كەور، بەرد
كەواسوور: كورتەی” كەواسووری پێش لەشكر”ە، بەو خاینانە دەگوترێ، كە چاوساخی بۆ لەشكری داگیركەر دەكەن.
كەڤۆك: كۆتر.
كەوشكەن: جێی داكەندنی پێڵاو (پێش چوونە ناو دیوەخانی خانەدانان).
کێوی: حەیوانە کێوی، کۆڤی.
کێشی زەوی: هێزی بۆخۆڕاکێشانی گۆی زەوی.
گردی یارە: گردێكی بەناوبانگی سلێمانییە و مەرقەدی حەزرەتی حاجی تۆفیق پیرەمێردی شاعیری لێیە.
گڕكان: بوركان
گڕەپێچە: گڕی جۆشسەندووی پێچپێچی كوورە و تەندوور.
گزنگزادە: لە تیشكی خۆر وەپاشكەوتوو.
گلدانەوە: هەڵگرتنی شتێك و وەشاردنی بۆ دواتر.
گلگامش: گرنگترین و كۆنترین ئەفسانەی نووسراوی مێسۆپۆتامیایە.
گمەگم: دەنگی خوێندنی كۆتران.
گۆپاڵ: گۆچان.
گورچیلۆکە: گورچیلەی بچووک.
مادان: كۆی وشەی (ماد) ە، كە ڕەچەڵەكی كوردان و دەسەڵاتدارانی ئیمپراتۆریای میدیا بوون (٦٧٨- ٥٤٩ پ ز). لە ناوەڕاستی سەدەی شەشەمی پێش زایین مادەكان لە دەسەڵات وەلا نران و تا ئەمڕۆش نەوەکانیان لەسەر خاکی خۆیان بندەستن.
مجرۆ: كۆرە، كوێر
مسحەفا ڕەش و جیلوە: دوو كتێبی پیرۆزی ئێزدییەكانن.
مۆر كەم: پاك بكەمەوە لە گوناهان، بەرامبەر بە تەعمیدی مەسیحییان بەكار دێ.
مەولەوی: مەبەست لە شاعیری گەورەی كوردستان، مەلا سەید عەبدولرەحیمی سەید سەعیدی تاوەگۆزییە، كە بە مەولەویی كورد، یان مەعدووم ناسراوە و بە دیالێكتی هەورامی شیعری نووسیوە.
مێشكۆڵە: مەژیی چووك، مێشكی گچكەڵە.
نەوال: نەواڵ، دۆڵی بچووكی قەدی شاخوداخ
ونداكردن: هوندا كرن، ون كردن، بزركردن
هەڕاج دەكەن: مەزاد دەكەن
هەژی: شایان
هەمەر: تانكێكی پێشكەوتووی ئەمریكاییە.
هەوهەو: حیوەحیو و دەنگەدەنگی دڵگەرمانەی هەسپسواران